بەپێی دواین لێدوانی وتەبێژی حیزبەکەی ئۆردۆگان بێت کۆتایی بە پەکەکە و چل ساڵ تێکۆشانی کورد لە باکور هاتووە.
ئەگەر وا بێت پەکەکە ڕێک ئەو ژەهرە بووە کە تامێکی شیرینی کوردی پێ خنکێراوە، ئەگەر نا بەبێ هیچ دانوستانێک و بەبێ هیچ دان و وەرگرتنێک چۆن پەکەکە و کۆتای چەکی کورد واتای چی؟
بەبێ هیچ ئاڵوگۆڕێک لە سیستەمی حوکمڕانی تورکیا واتای چی ؟
واتا چل ساڵ قوربانیدان یەکسانە بە مانەوەی تورک و پاراستنی خاکی تورکیا بەرامبەر گەڕانەوەی چەند پیرەپیاوێک کە بەناوی شۆڕشەوە لەو کێوانە چل ساڵە کوڕ و کچی کورد بە کوشتن دەدەن، ئەگەرچی ئەگەری ڕوودانی شتێکی وا هەیە بەڵام ئەوە ڕوو بدات کورد دەکات بەدوو بەرەی جاشێتی و باشێتی کە سەرەتایەکی نوێی ناسیۆنالیزمی کوردی دەستپێدەکات کە هەتا کۆتایی تورک پانئێرانیزم ناوەستێت.
خوازیارم ئەوە ڕوونەدات و باڵی نەتەوەیی پەکەکە پڕۆسەکە تێکبدەن و قۆناغەکە بۆ جەنگی کورد-کوردمان نەبات.
– گەورەترین هەڵە دووبارە کردنەوەی ئەزموونی ئەوە جۆرە لە خۆڕادەستکردنی دەرەوەی کوردە و هیچ کۆپی کردنێک لە هیچ بوارێکدا بۆ کورد سەرکەوتوو نابێت، بێ لە خواستی کورد بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، کە بنەڕەتی سەرکەوتنی کوردە.
ئەگەر بڕیارە پەکەکە ناوی بگۆڕێت و هێزی چەکداری بوەستێنێت و وە هێزێکی سیاسی بە بەرگ و باوەڕێکی تر لە تێکۆشان بەردەوام بێت وەک ڕێگە خۆشکردن بۆ گۆڕینی تورکیا لە ڕێی دانوستان و ڕێکەوتن ئەوە هێشتا بەشی هیوایەک بۆ کورد لە باکور هەیە بەدەر لەوە دواین کەوتنی کوردە بۆ ناو چاڵ و پاڵ و تەڵەی تورکەکان.
